عوسمان جه‌عفه‌ری سکرتێری گشتی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان بۆ رۆژنامه‌ی چاو‌دێر:
ده‌بێ ببین به ئالترناتیڤی نه‌ته‌وه‌گه‌رایی سه‌ره‌تایی
عوسمان جه‌عفه‌ری، ساڵی 1970 له جوانڕۆ له دایک بووه‌و به‌کالۆریۆسی " ئه‌ده‌بیاتی عه‌ره‌بی" له زانکۆی سنه و ماجستێری " ئیلاهیاتی" له زانکۆی تاران وه‌رگرتووه. عوسمان جه‌عفه‌ری له ساڵی 1985 کاری سیاسی وه‌ک چالاکێکی خوێندکاری ده‌ست پێکردوه‌و له ساڵی 1996 چووه‌ته ناو په‌که‌که، ماوه‌ی 3 ساڵ نوێنه‌ری په‌که‌که له دوو وڵاتی سووریا و لوبنان بووه، یه‌کێک بووه له دامه‌زرێنه‌رانی پژاک، وه‌ک لقی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانی په‌که‌که و به‌رپرسیارێتی دیپلۆماسی له‌و رێکخراوه‌دا له ئه‌ستۆ بووه. به دوای هاتنهخوارهوهیان له قه‌ندیل و جیابوونه‌وه له پژاک، له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌کی پێشووی، یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان یان دامه‌زراندوه و ئێستاش سکرتێری ئه‌و پارته‌یه. سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تی جیابوونه‌وه‌یان له پژاک و دامه‌زراندنی یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان و دۆخی ئێستای حیزبه‌که‌یان و خه‌بات له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، ئه‌م وتووێژه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌نجام داوه.
چاو‌دێر: ئه‌و هۆکارانه چی بوو که بوونه هۆی جیابوونه‌وه‌ی ئێوه له پارتی ژیانی ئازادی کوردستان"پژاک" و چۆن توانیتان یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان پێک بێنن؟
عوسمان جه‌عفه‌ری: ده‌سپێک سپاسی به‌ڕێزتان ده‌که‌م و سڵاوم هه‌یه بۆ خوێنه‌رانی به‌ڕێز رۆژنامه‌ی چاو‌دێر.
له راستییدا ئێمه خوازیاری رێکخراوێکی سه‌ربه‌خۆ و دیموکرات و لیبرال بووین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که ئێمه بۆی ئیشمان ده‌کرد و خۆمان له پێناویدا ماندوو کرد ئه‌وه نه‌بوو که ئێمه ده‌مانه‌ویست.
هه‌وڵدانی هاوڕێ یانی رۆژهه‌ڵاتی له نێو " پ ک ک" بۆ دامه‌زرانی مودیلێکی مۆدێرن له کاری سیاسی بوو بۆ خزمه‌تی گه‌له‌که‌مان و له‌هه‌مانکاتدا له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و پارچه‌یه‌دا بێ به‌ڵام بهداخهوهئ ئه‌و ئارمانجه نه‌هاته دی و ئه‌و پرنیسبانه هه‌موویان ژێر پێ خران و دیسان له‌نێو قاڵبهایهکی دوگم مانه‌وه.
ئینسیاتیڤی هه‌موو شتێک له ئێمه سه‌ندرا، هیچ شه‌فافییه‌تێک له خه‌بات و تێکۆشانی ئێمه به‌دی نه‌ده‌کرا و پرۆژه‌یه‌کی روون و دیار له پێش ئێمه دا نه‌بوو که بزانین ده‌بێ کاری سیاسیمان چی بێت، له راستی دا ته‌نها یه‌ک شت هه‌بوو که هه‌رده‌م دووپات ده‌بۆوه ئه‌ویش ئه‌وه که گۆڕه‌پان واڵایه وئێمه ده‌بێ ببین به ئاڵترناتیڤی نه‌ته‌وه‌گه‌رایی سه‌ره‌تایی.
زۆر خه‌بات و تێکۆشانمان کرد که بتوانین بزاڤێکی سه‌ربه‌خۆ و دیموکرات و لیبرال بین به‌ڵام هیچمان پێ نه‌کرا و پاشان له دوای کۆنفرانسی دووهه‌می "پژاک" له مانگی 9ی 2004 بڕیاری جودابوونهوهمان له پژاک و " پ ک ک" دا.
پاشان دوای ده‌رباز بوون له سه‌دان ئاسته‌نگ و کۆسپ توانیمان له سلێمانی خۆ کۆبکه‌ینه‌وه و سه‌ر له نوێ بڕیاری کاری سیاسی بده‌ین و وه‌فادار بین به ئارمانجه‌کانمان، هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ش دوای ده‌رباز بوون له زۆر ته‌نگه‌ژه و کۆسپ خۆمان بۆ دامه‌زراندنی رێکخراوێک ئاماده کرد و له به‌رواری 17/5/2005 له شارۆچکه‌ی دوکان " یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان" مان دامه‌زراند.
چاو‌دێر: چۆن بوو که ئێوه ئالیانسی کوردیتان پێک نه‌هێنا؟ له کاتێک دا دوای هاتنهخوارهوهتان له قه‌ندیل ده‌نگۆ پێکهێنانی وه‌ها رێکخراوێکتان له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک که‌سایه‌تی کورد له ئه‌ورووپا هه‌بوو؟
عوسمان جه‌عفه‌ری: کاتێک که ئێمه له شاخ هاتینه خواره‌وه چه‌ند بهرادهرێک له ئه‌ورووپا په‌یوه‌ندییان به ئێمه‌وه گرت و دوای ماوه‌یه‌ک باس و قسه داوایان کرد ئێمه رابردووی کۆنی خۆمان رهدکهینهوه و چیدی باسی پژاک و " پ ک ک" نه‌که‌ین و وه‌ک ئه‌وان ده‌خوازن ئێمه له به‌یاننامه‌یه‌کدا رابگه‌یه‌نین که ته‌ڤلی حه‌ره‌که‌تی " ئالیانسی کوردی " ده‌بین، ئه‌و شته له لایه‌ن چه‌ند به‌راده‌رێکی ئێمه قه‌بووڵ کرا به‌ڵام له لایه‌ن منه‌وه و ژماره‌یه‌کی دیکه له هاوڕێیان په‌سه‌ند نه‌کرا و ئه‌وان بۆ ماوه‌ی دوو مانگ به ناوی ئالیانس کاریان کرد و ئێمه‌ش به درێژه‌دان به‌کاری خۆمان، رێگامان له ئه‌وان جودا کردوه وهێدی هێدی به‌ره‌و کۆنگره‌ی دامه‌زراندنی " یه‌کێتی دیموکراتی کوردستان" کار‌و خه‌باتی خۆمان ده‌سپێکرد.
چاو‌دێر: بۆچی له‌گه‌ڵ پێکهێنانی کۆنگرهتاندا شوعاری " کۆنفدرالی دیموکراتیک" که له پژاک پێرهوتان لێ ده‌کرد، گۆڕیتان بۆ فیدرالیزم له ئێران دا؟
عوسمان جه‌عفه‌ری: پێموایه ئه‌وه هه‌ڵه تێگه‌یشتنه، پژاک له کۆنفرانسی راگه‌یاندنی خۆی دا له مانگی 10 ی 2003 و له کۆنگره‌ی یه‌که‌می له مانگی 3ی 2004 شوعاری فیدرالیزمی په‌سه‌ند کرد و کاتێک که ئێمه جودا بووینه‌وه ساڵێک دواتر دوای ئه‌و ئاڵۆزیانه که که‌وتوه‌ته نێو پژاک، کۆنگره‌ی ئاوارته‌یان سازکرد و له‌م کۆنگره‌یه‌دا ئه‌م جار ئه‌وان شوعاری فیدرالیزمیان گۆڕی و بوو به کۆنفدرالیزمی دیموکراتیک، ئه‌گینا ئێمه هه‌مان شوعاری ده‌سپێکی خۆمان دوباره په‌سه‌ند کر.
چاو‌دێر:له به‌رنامه و پێڕه‌وی رێکخراوه‌که‌تان دا باس له به‌رگری " مه‌شروع" ده‌که‌ن، وه‌ک جۆره خه‌باتێک له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دا، به‌ڕای ئێوه و له " دیدی ئێوه" چ جۆره به‌رگرییه‌ک مه‌شروعه و چ جۆره به‌رگرییه‌ک نامه‌شروعه؟ و به گشتی باوه‌رتان به به‌رگری له رێگای چه‌که‌وه هه‌یه؟
عوسمان جه‌عفه‌ری: به‌رگری مه‌شروع مافێک له مافه‌کانی سروشتی هه‌ر مرۆڤێکه و له هه‌موو جێگایه‌ک ئه‌م مافه به‌کار دێنن، ته‌نانه‌ت له هه‌موو ده‌وڵه‌تێک، وه‌زاره‌تێک هه‌یه به ناوی وه‌زاره‌تی به‌رگری.
ئه‌وڕۆش هێزه کوردییه‌کان له‌م مافه بۆ خۆیان و پاراستنی ده‌سکه‌وته‌کانی خۆیان که‌ڵک وه‌رده‌گرن که ئه‌گه‌ر دوژمن هێرش بکاته سه‌ری، ئه‌و هێزه بتوانێ بیپارێزێ.
به‌ڵام به لای ئێمه‌وه ته‌نیا به‌رگری به‌هێزی چه‌کداری سنوردار نابێته‌وه، زۆر هێزی تر هه‌ن که ده‌توانین خۆمانی پێ بپارێزین وه‌ک : هێزی گه‌ل و رێکخستنه‌کان(مه‌ده‌نی و ...) هێزی راگه‌یاندن، هێزی دیپلۆماسی وهێزی ئابووری و ...تاد.
چاو‌دێر: چ خوێندنه‌وه‌یه‌کتان بۆ هه‌لومه‌رجی ئه‌مڕۆی ناوچه‌که هه‌یه و پێتان وایه که له‌م هه‌ل و مه‌رجی ئێستای دونیا وناوچه که دا کوردی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌بێ چی بکات بۆ به‌ره‌و پێشچوونی له‌خه‌باتی خۆی دا و هه‌روه‌ها ده‌رچوون له‌و قه‌یرانه‌ی که ئێستا ئۆپۆزیسیۆنی کوردی رۆژهه‌ڵاتی تێ که‌وتووه؟
عوسمان جه‌عفه‌ری: ره‌وشی رۆژهه‌ڵاتی ناوین گرێدراوی بارودۆخی گشتی جیهانه، ئه‌و موعادیله سیاسیه گشتییانه که له ئاستی جیهانیدا به‌ڕێوه ده‌چێت ره‌وشی ناوچه‌که و به‌تایبه‌تیش کوردستانی له نێو خۆ دا گرتووه‌ته‌وه، یانی هه‌ر چه‌شنه پێشکه‌وتنی پۆزێتیڤ کاریگه‌ی باشی له‌سه‌ر کوردستان که به‌شێکی گه‌وره‌ی کێشه‌کانی ناوچه‌که‌یه، هه‌یه و به پێچه‌وانه‌شه‌وه هه‌ر هه‌ڵسوکه‌وتێکی نگاتیڤیش کاریگه‌ری خراپی لێ ده‌که‌وێته‌وه.
ئه‌وه راستییه‌کی مێژووییه که کێشه‌ی کورد و کوردستان به‌شێکی مه‌زنی کێشه‌کانی ناوچه و جیهان پێک دێنێ و تائێستاش له ئاستی ره‌وای خۆی چاره‌سه‌ری به خۆیه‌وه نه‌بینیوه، زۆرجاریش کورد ته‌نیا وه‌ک کارتێکی گوشار به‌کار هێنراوه و ته‌نیا که‌ڵکیان لێ وه‌رگرتووه. چونکو له ئاوه‌ها ره‌وشێکی سیاسی مه‌زن دا کورد ده‌بێ هێز بێت، خاوه‌ن پرۆژه بێت، خاوه‌ن وتاری نوێ و ئاکادمیک بێت. ناوچه و جیهان به‌گشتی هه‌ر رۆژ له گۆرانی نوێ دان، به‌ڵام ئه‌وه ئێمه‌ی کوردین که له‌م گۆڕان و شته تازانه به باشی تێناگه‌ین، وه کاتێکیش لێ ی تێگه‌یشتین ئه‌وجار هه‌له مێژووییهکن ده‌رباز ده‌بن و چیدی به سوودی ئێمه نابن.
سه‌ربه‌خۆیی کۆزۆڤۆ له ماوه‌یه‌کی کورت دا ده‌بێ چی به ئێمه‌ی کورد بڵێ؟ داخوا له‌و رۆژه‌وه که کۆزۆڤۆی دوو میلیۆنی سه‌ربه‌خۆیی خۆی راگه‌یاند، هێزه سیاسییه‌کانی کوردی چه‌نده مێشک و فیکری خۆیان ماندوو کردبێ و چه‌نده راستییه‌کانی خه‌بات و تێکۆشانی سه‌د ساڵی کوردستان‌مان بۆ روون و ئاشکرا بووبێت و چه‌نده توانا و هزر و بیری نه‌ته‌وه‌یمان له لاساغ بووبێت؟
له راستییدا شه‌فافییه‌ت له خه‌باتمان دا دیار نییه، هێشتا کورد خاوه‌ن ستراتژی واحید نییه، له هه‌ر کوێ و له لایه‌ن هه‌ر که‌سێکه‌وه ته‌پل وزۆرنامان بۆ لێده‌ن هه‌ڵده‌په‌ڕین ، به بێ ئه‌وه‌ی که ده‌ره‌نجامی ئه‌م سه‌مایه بزانین. ئه‌وه‌نده خۆمان له‌گه‌ل دوور خستووه‌ته‌وه و خۆمان به جێگای سه‌یروسه‌مه‌ره‌وه هه‌ڵواسیوه که گه‌ڕانه‌وه و دابه‌زین لێی زۆر زه‌حمه‌ته.
ده‌بێت سه‌ر له نوێ خوێندنه‌وه‌ی تازه بۆ کورد و تاکی کورد بۆ تێکۆشانی نه‌ته‌وه‌یی، بۆ کاری سیاسی و دیپلۆماسی و راگه‌یاندنی کوردی بکرێت. ده‌بێ چینی ئاکادمیک و ئهنتێلهکتۆل بێنه مه‌یدان، ده‌بێ له ناوخۆ رێکخراوه مه‌ده‌نییه‌کان چ فه‌رمی و چ نافه‌رمی ته‌قویه بکرێن، ده‌بێ ستراتژی نه‌ته‌وه‌یی به شه‌فافییه‌تێکی مه‌زن بخرێته به‌رده‌م گه‌ل و هێزه سیاسییه‌کان، ده‌بێ هه‌رچی زووتر به‌ره‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی دیموکراتیک له هه‌موو هێز و رێکخراوه‌کان و که‌سایه‌تییه سیاسی و فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ساز ببێت.
به‌م شێوه‌یه ده‌توانین له‌م قه‌یرانانه ده‌رباز بین و له‌م هه‌ل و مه‌رجه‌ی ئێستا دا گه‌له‌که‌مان له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بگه‌یه‌نین به ئاستی شیاو و ئه‌وه‌ی که مافی خۆیه‌تی.
چاو‌دێر:تا چه‌ند بڕواتان به پێکهێنانی به‌ره‌یه‌کی کوردستانی یه و پێتان وایه ئه‌گه‌ر به‌ره‌یه‌ک پێک بێت، ده‌بێ مه‌وقعییه‌ت و جێگای ئێوه له کوێی ئه‌و به‌ره‌یه دا بێ؟
عوسمان جه‌عفه‌ری: پێکهێنانی به‌ره زه‌روره‌تێکی مێژوویی و سیاسی ئه‌وڕۆی کورده و ئه‌گه‌ر هێز و رێکخراوه کوردییه‌کان خۆیان به نوێنه‌ری خه‌ڵک ده‌زانن و بانگه‌وازی ئه‌وه ده‌که‌ن که‌خه‌ڵک له هه‌ڵبژاردنه‌کانی مه‌جلیس یا شتانی دی به‌شداری نه‌که‌ن ده‌بێ رۆژێک زووتر به بێ هیچ شه‌رت و ئاسته‌نگییه‌ک له به‌رده‌م ئه‌م و ئه‌و دا، به‌ره پێک بێنن و به ئه‌و په‌ڕی پلۆرالیزمهوه جێگا و رێگا بۆ هه‌ر که‌سێک که له خزمه‌ت گه‌ل دایه به‌رچاو بگیرێت.
ئێمه‌ش له نێو جوڵانه‌وه‌ی رزگاری خوازانه‌ی گه‌ل، ده‌نگێک و رهنگێکین وه‌ک هه‌موو ده‌نگه‌کان و ره‌نگه‌کانی تر، ئه‌وه‌ی پێمان بکرێ به‌لامانه‌وه گرنگه تا ئه‌وه‌ی مهوقعییهتمان چی بێ.
چاو‌دێر:هه‌ل و مه‌رجی ئه‌مڕۆی ئێران چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن و راتان له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامی چییه؟ ئایا ئێوه ئه‌و ههڵبژاردنهتان ته‌حریم کردوه؟ ئه‌گه‌ر کردوتانه بۆ؟ ئه‌گه‌ریش نه‌تانکردوه بۆچی؟
عوسمان جه‌عفه‌ری: هه‌ل ومه‌رجی ئه‌مڕۆی ئێران، هه‌ل ومه‌رجێکی تایبه‌ت و مێژووییه، ده‌کرێ به‌باشی خۆمانی بۆ ئاماده بکه‌ین به‌و مه‌رجانه‌ی که له وه‌ڵامی پرسیاری پێنجه‌م دا ئاراسته‌م کردن.
هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌م جاره‌ش هه‌ر وهکودهیان هه‌ڵبژاردنی ساڵانی پێشوو وایهز به‌شدار بوون یا به‌شدارنه‌بوون وه‌ک یه‌ک وایه، حوکومه‌تی ئیسلامی سیستمێکی ئایین سالار و تیۆکراتیکه و چاوه‌ڕوانی هیچ گۆڕانێک له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه ناکرێت. ئێمه‌ش به‌ش به‌حاڵی خۆمان تهحریمان کردوه به‌ڵام راستی ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌ر ته‌حریم ده‌که‌ین ئێمه شتێکمان بۆ خه‌ڵک پێیه یا نه؟ ئاڵترناتیڤ ده‌بێ چی بێ؟
ته‌حریم کردن یا نه‌کردن نه رژێم ئه‌گۆڕێت و نه رژێم ئهرووخێنێت. ده‌بێت هه‌ندێک گۆڕان به‌سه‌ر شوعاره‌کانی خۆماندا بێنین و هه‌ندێک هه‌ڵوێستی تازه بێنینه ناو مه‌یدانی کار‌و چالاکییه‌وه.
هه‌موومان ده‌زانین هیچ زلهێزێک به‌رنامه‌ی رووخانی کۆماری ئیسلامی پێ نییه و هه‌موویان داوای "گۆڕانی ره‌فتاری سیاسی" رژێم ده‌که‌ن، جا ده‌بێ ئێمه وه‌ک ئۆپۆزیسیۆن هه‌ڵوێسته‌کانمان و دروشمه‌کانمان چۆن بێت؟
له کۆتایی دا هیوا سه‌رکه‌وتن ده‌خوازم بۆ رۆژنامه‌ی چاو‌دێر و هه‌روه‌ها به‌ڕیزیشتان.
ئا: هێرش